سەرۆکایەتی کۆماری سوریا بڕیارێکی بۆ پێکھێنانی دەستەی
دادپەروەری ڕاگوزەر دەرکرد بۆ و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ڕژێمی ئەسەد و قەرەبوکردنەوەی
زیانلێکەوتوان.
ئاژانسی ھەواڵی رەسمی سوریا "سانا"، بڵاویکردەوە
سەرکۆماری وڵاتەکە، فەرمانێکی بە ئامانجی پێکھێنانی
دەستەیەکی سەربەخۆ بەناوی "دەستەی نیشتمانی بۆ دادپەروەری ڕاگوزەر"، ئیمزا
کردوە.
ئاماژەی بەوەشداوە کە ئامانج لە پێکھێنانی دەستەکە،
بەدیھێنانی دادپەروەری ڕاگوزەرە وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی لەپێناو بنیاتنانی دەوڵەتێکی
یاسایی و دەستەبەرکردنی مافەکانی قوربانیان، ھەروەھا بەدیھێنانی ئاشتەوایی نیشتمانی
گشتگیر دەبێت.
ئەوەشیخستووەتەڕوو کە دەستەکە بەرپرس دەبێت لە ئاشکراکردنی
ڕاستییەکان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی
سەردەمی ڕژێم، ھەروەھا قەرەبوکردنەوەی ئەو کەسانەی کە لە سەردەمی ڕژێمی ڕووخاودا، زیانیان
بەرکەوتوە.
یەکێک لە ئەنجامەکانی کۆنگرەی نیشتمانی سوریا کە لە
مانگی شوباتی ڕابردودا ئەنجامدرا، جەختکردنەوە بو لەسەر گرنگی پێکھێنانی دەستەیەکی
دادپەروەری ڕاگوزەر، ھەروەھا لێپرسینەوە لەو بەرپرسانەی سەردەمی ڕژێمی ڕوخاوی بەشار
ئەسەد کە تێوەگڵاون لە ئەنجامدانی تاوان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP