روانگەی سووری دەڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هێرشەکانی داعش بۆ سەر بنکە و خاڵە سەربازیی و ئەمنییەکانی هەسەدە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی ڕۆژئاوا زۆر زیادیکردووە.
روانگەی سوری دەشڵێت، لە چوار مانگی ئەمساڵدا داعش 68 هێرشیکردووەتە سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوا و بەهۆیەوە 28 ئەندامی هەسەدە و ئاسایشی ناوخۆ و هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و لەبەرامبەرایشدا هێزەکانی ڕۆژئاوا ژمارەیەک چەکداری داعشیان کوشتووە.
ئەوەش هاتووە، زۆرترین کردەوە تیرۆریستیەکانی داعش دژی بەهێزە ئەمنییەکانی ڕۆژئاوا لە دەوروبەری دێرەزوور بوون، بەشێوەیەک تەنها لە هێرشێکیاندا بۆ سەر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ پێنج ئاسایش گیانیانلەدەستداوە و یەکێکی دیکەش برینداربوو.
دوای زیادبوونی هەڕەشەکانی داعش، رۆژی 18ـی ئەم مانگ هێزەکانی ڕۆژئاوا هەڵمەتێکی فراوانی ئەمنیان لە کەمپی هۆل دەستپێکردووە و 20 ئەندامی داعش و هاوکارەکانیان دەستگیرکرد، دەستشیان بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیدا گرت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP