دەم پارتی: ئاگاداری وادەی بەستنی کۆنگرەی چەکدانانی پەکەکە نین

کوردستان
12:42 - 2025-04-29

گوڵستان کڵچ، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە، تۆپەکە لە گۆڕەپانی حکومەتی تورکیادایە و بە پێویستی دەزانێت هەنگاوی کردەیی بنێت تاکوو پەکەکە کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت.

بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، سەبارەت بەکاتی بەستنی کۆنگرەی پەکەکە بۆ چەکدانان رایگەیاند، وەک دەم پارتی ئاگاداری وادەی بەستنی کۆنگرەی پەکەکە نین.

گوڵستان کڵچ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا وتی، پەکەکە مەرجی بۆ بەستنی کۆنگرەی چەکدانان هەیە ئەویش ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجەلانە بۆ ئەوەی بەشداری لە کۆنگرەکەدا بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو لایەک داواکارە پەکەکە بەزووترین کات کۆنگرەی خۆی ببەستێت، بەڵام بابەتەکە گرێدراوە بە هەنگاوەکانی حکومەتی تورکیاوە بۆ باشکردنی هەلومەرجی ئۆجالان.

وتیشی، پێویستە بەزووترین کات گۆشەگیریی لەسەر ئۆجەلان لاببرێت و رێگە بدرێت بەردەوام وەفدی دەم پارتی و پارتە جیاوازەکان و رۆژنامەنووسان سەردانی ئۆجەلان بکەن و هەلومەرجی کارکردنی ئۆجەلانیش بۆ پرۆسەکە باشتر بکرێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP