لیڤەرپول تەنها پرێمەرلیگى نەبردەوە مێژووەکەشى داگیرکرد !

وەرزش
13:34 - 2025-04-28

لیڤەرپول تەنها پرێمەرلیگى نەبردەوە مێژووەکەشى داگیرکرد !
ئاکۆ بیبانى

یانەى لیڤەرپولى ئینگلیزى تەنها نازناوى خولى یانەکانى ئینگلتەراى نەبردەوە بەڵکو هێدى هێدى دەیەوێت بەشێکى گەورەى مێژووى پرێمەرلیگ بەناوى خۆیەوە بکات ، تاکو دوێنێ شەیتانە سوورەکان گەورەو سەردارى خولى ئینگلیزى بوون و زۆترین نازناوى خولەکەیان لەگەنجینەیی یانەکە جێگیرکردبوو ، شەوى رابردوو رێدز بوونە پاڵەوانى خولى نایابی ئینگلتەرا و بۆجارى 20 هەمین لە مێژوودا جامەکەیان بەرزکردەوە ، کە ئەمەش یەکسانکردنەوەى ژمارە پێوانەییەکەى ئەهریمەنە سوورەکان بوو کە 20 جار نازناوى پرێمەرلیگیان بەدەستهێنابوو .
لیڤەرپوول 234 رۆژە لە ریزبەندى یەکەمى خولى نایابی ئینگلیزیە ، ئارنى سلۆت لەسەرەتاى وەرزەوە چاوەڕوانی ئەوەى لێ نەدەکرا بەوشێوەیە لەگەڵ پێکهاتەکەى خۆى بگونجێنێنێت بەڵام لەوە خێراتر کارەکانى ئەنجامدا کە ئیدارەى یانەکە متمانەیان پێ بوو ، لە 10 یارى سەرەتاى خولەکە ( 8) بردنەوەى دەستەبەرکردو لە (1) یاریشدا یەکسانبوو، لە تەنها یارییەکەیشدا تامى شکستى کرد ، کە ئەمەش باشترین دەستپێکى راهێنەربووە لەمێژووى لیڤەرپول .
هێڵى هێرشبەرى یانە سوورپۆشەکە زۆر ترسناک بوو تاکو ئێستا 80 گۆڵیان لەسەرجەم یانەکان تۆمارکردوە ، ( 591) لێدانیان ئاراستەى خانەى گۆڵى تیپەکانى دژ کردوە کە ئەمەش هیچ یانەیەکى دیکەى پرێمەرلیگ پێى نەکراوە .
75% گۆڵەکانى یانەى لیڤەرپول چاوەڕوانکراوبوونە ، (438 ) لێدانى لە ناوچەى بۆکسەوە ئاراستەى خانەى گۆڵکردوە کە (72) لێدانى زیاترە لەسەرجەم یانەکانى دیکە .
بەراورد بە وەرزی ڕابردوو ڕێژەی لێدانەکانى لیڤەرپوول لە(  20.8)  لێدان لە هەر یارییەکدا بۆ(  17.4)  لێدان دابەزیوە، بەڵام ڕێژەی لێدانەکان لە ناوچەی سزا لە 65.9% بۆ 74.1% زیادیکردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ باشتربوونی کوالیتی هەلەکان.
تیپەکە لە 34 یاریدا 32 گۆڵی لێکراوە ، کەئەمەش دووەم باشترین بەرگرییە لەدوای ئارسناڵەوە کە 29 گۆڵی لەسەر تۆمارکراوە .
لیڤەرپوول(14) گۆڵی لە هێرشی پێچەوانەی خێرا تۆمارکردوە، ئەمەش بەرزترین ژمارەیە کە هیچ تیپێک تۆماری نەکردوە ، هەروەها 10 گۆڵیان لە فشارە بەرزەکانەوە تۆمارکردووە.
لیڤەرپوول لە هاویندا هیچ گرێبەستێکی گەورەی نەکرد، جگە لە فێدریکۆ کیێزا کە بە درێژایی وەرز تەنها 33 دەقیقە لە خولەکەدا یاریی کردوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP