یانەکانى ئەوروپا بۆ ترسیان لە گیۆکێرێس هەیە ؟

وەرزش
14:43 - 2025-06-17

یانەکانى ئەوروپا بۆ ترسیان لە گیۆکێرێس هەیە ؟
هێرشبەران لە پورتوگال جەلادی تۆڕى گۆڵ و گۆڵپارێزانن و بەدوای دەرگایەکدا دەگەڕێن تاکو بگەن بە خولە گەورەکانى ئەوروپا و دواتر دادەمرکێنەوە ، پاشان رێگاى گۆڵکردن وون دەکەن ، ئیدى دەبن بە رابردوو ، هێزەکەى جارانیان نامێنێ ، دەبنەوە هێرشبەرى ئاسایی .
ئەزموونى گۆنکالۆ رامۆس و داروین نۆنێز و جاکسۆن مارتێنێز  وای لە یانە گەورەکان کردوە ترسیان لە داهاتووى (گیۆکێرێس) هێرشبەرى یانەى سپۆرتینگ لیشبۆنە هەبێت کە بەهەمان رێگەى دوو ئەستێرەکەى دیکەى بێنفیکا و پۆرتۆ هەنگاو بنێت .
داروین نۆنێز  هەژێنەرى تۆڕى گۆڵەکان بوو ، ئومێد و ئامانجى یانە زلهێزەکان بوو  لەگەڵ پەیوەندى کردنى بە لیڤەرپولەوە ئیدى نۆنێزەکەى جاران نەما هەر چەندە لەو کاتەدا بەبەهاى ( 115) ملێۆن دۆلار لە بێنفیکاوە ڕوویکردە رێدز .
دوو ساڵ لەمەوبەر گۆنگالۆ رامۆس ، هێرشبەرە ناوازەکەى ئەو دەمى بێنفیکا کە تەمەنى تەنها 19 ساڵ بوو ، بە بڕى 92 ملیۆن دۆلار ڕوویکردە ریزەکانى پاریس سانجێرمان ، بەتەواوى سەرنجى یانە فەرەنسیەکەى راکێشابوو بەڵام لە دوو وەرزدا تەنها 21 گۆڵى لە خولى فەرەنسی کردو لەم وەزەدا تەنها لەیەک یارى چامپیۆنزلیگ بەشدارى کرد.
جاکسۆن مارتینێز بۆ سێ وەرز لەسەریەک لە یانەی پۆرتۆ گۆڵکاری وڵاتەکەی بوو، بەڵام لەگەڵ ئەتلەتیکۆ مەدرید بەرگەی وەرزێکی نەگبەتی گرت و ژیانی وەرزشی هەرگیز چاک نەبوەوە .
تەنها نمونەیی هێرشبەرى سەرکەوتووى خولى پرتوگالى کریستیانۆ رۆناڵدۆ بووە کاتێک لە سپۆرتینگ لیشبۆنەوە بەرەو خولە گەورەکان فڕى ئاوڕى لە دواوە نەدایەوە، هەمیشە داهاتووى لە دوێنێى پرشنگدارتر و گەشاوەتر بووە و بوو بەئەفسانەیەکى گەورەى جیهان .
راستە ئەم وەرزە ، گیۆکێرێس گۆڵکارى خولەکانى ئەوروپا بوو بە 39 گۆڵ و ترسناکترین هێرشبەر بووە ، ئێستا یانەکانى ( مانیونایتد و ئارسێناڵ و یۆڤینتۆس ) هەوڵى گواستنەوەى دەدەن ، بەڵام ترس لەو رابردوو تاڵەو زۆری بەهاى شکاندنى مەرجى گرێبەستەکەى کە 100 ملیۆن یۆرۆیە وایکردوە خاوبن لە گواستنەوەى هێرشبەرەکە کە لە دوو وەرزدا و لە 102 یارى 97 گۆڵى کردوە .

ئاکۆ بیبانى

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP