هەڤاڵانی بەڕێز، ئەندامانی بەشداربووی پێنجەمین کۆنگرەی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەبۆنەی بەستنی پێنجەمین کۆنگرەی کۆمەڵە تێکۆشەرەکەتان، کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان، بە گەرمیی پیرۆزباییتان لێدەکەم و هیوادارم کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو و بەرهەمدار ئەنجام بدەن.
هەڤاڵان،لەماوەی 19 ساڵی رابردووی کارو چالاکییەکانتاندا هەوڵێکی باشتان دا خزمەت بە توێژی پێشمەرگە دێرینەکان بکەن کە هیوادارم بۆ لەمەودواش درێژە بەو هەوڵانەتان بدەن و باشتر کار بۆ خزمەتکردنی پێشمەرگە دێرینەکان بکەن، ئەو توێژەی کە سەرتاپای ژیانی خۆیان و کەسوکاریان لەپێناو دۆزی رەوای گەلەکەماندا تەرخان کردو لەوبوارەشدا قوربانی زۆرو زەوەندتان پێشکەش کرد.
ئومێدی ئەوەتان لێدەکین ستافی نوێی کۆمەڵەکەتان کە لەم کۆنگرەیەدا هەڵدەبژێردرێن بتوانن ئەو کارو بەرنامانە تەواوبکەن کە ستافی پێش خۆیان دەستیان پێکردووە. هەروەک دەستخۆشی لە ستافی پێشووی دەکەین کە بەوپەڕی توانای خۆیانەوە کاریان کرد بۆ خزمەتکردنی پێشمەرگە دێرینەکان.
دووبارە پیرۆزبایی بەستنی پێنجەمین کۆنگرەتان لێدەکەین و وەک هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
15ی حوزەیرانی 2025
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP