عیماد ئەحمەد: یەکێتى پشتیوانى پێشمەرگە دێرینەکانە

کوردستان
13:22 - 2025-06-15

ئەمڕۆ یەکشەممە 15ى 6ى 2025 بە ئامادەبوونى عیماد ئەحمەد ئەندامى مەکتەبى سیاسیى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان و لەتیف نێروەیى ئەندامى سەرکردایەتیى و ژمارەیەکى دیکە لە ئەندامانى سەرکردایەتى و پێشمەرگە دێرینەکان، پێنجەمین کۆنگرەى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکان، لە ژێر دروشمى "کۆنگرەى پێنج هەنگاوێکى ترە بۆ پاراستنى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکان و هەوڵدانى زیاتر بۆ خزمەتکردنیان" بەڕێوەچوو.

لە کۆنگرەکەدا عیماد ئەحمەد ئەندامى مەکتەبى سیاسى، رایگەیاند: " یەکێتى هەمیشە پشتیوانى پێشمەرگە دێرینەکانى کردووە و لە ئێستاشدا سەرۆک بافڵ پشتیوانتان دەبێت و داخوازییەکانتان جێبەجێ دەکات، هاوکات دڵنیاتان دەکەمەوە کە مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتیش پشتیوانتانە بۆ ئەنجامدانى ئەم کۆنگرەیە بە سەرکەوتویى".

راشیگەیاند: "هیوادارین ئەم کۆنگرەیە ببێتە زیاتر بەرەو پێش بردنى کارەکانى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکان و هەڵبژاردنى ستافێکى نوێى کارا بۆ کۆمەڵەکە، گرنگە کۆنگرەکە، رۆحى رابەرمان سەرۆک مام جەلال و شەهیدەکانمان شاد بکەین، ئاشکرایە کە یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بۆ خزمەتى خەڵک و ئازادیى و دیموکراسى دروست بووە و لەو پێناوەدا خوێنى زۆرى بەخشیوە".

ئاماژەى بەوەشدا: " پێشمەرگە دێرینەکان خاوەنى خەباتى یەکێتین و رەنج و مەینەتى زۆریان بۆ ئەم ئازادییە بینییوە، هەروەها دڵنیاین کە ئێوەى دڵسۆز کەمتەرخەمى ناکەن لە خزمەت و ئەنجامدانى ئەم کۆنگرەیەش دەبێتە خستنە سەرى مشتێکى دیکە لە خەرمانى گیان فیدایى و خزمەتتان و پێکەوە رۆحى شەهیدەکانمان شاد دەکەین".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP