ئەحلام جابری: ناوەندەكانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ڕۆژانی جەژندا كراوە دەبن

کوردستان
22:11 - 2025-06-05

لە رۆژانی جەژندا ناوەندی نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری دەنگدەران کراوە دەبن و هاوڵاتییان دەتوانن کارتەکانیان نوێ بکەنەوە.
ئەحلام جابری، ئەندامی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق، ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا کارمەندانی كۆمیسیۆن لە ناوەندەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەمێننەوە تاوەکو ماوەی نوێکردنەوەکە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران کۆتایی دێت.
وتیشی: داوا لەو هاووڵاتیان دەكەین، سوود لە ڕۆژانی جەژن وەربگرن بۆئەوەی سەردانی ناوەندەکان بکەن، بەتایبەتی بۆ تۆماركردنی حاڵەتەكانی مردن یان گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون.
بەگوێرەی زانیارییەكانی كۆمیسیۆن زیاتر ملیۆنێك و 800 ھەزار کەس کارتی بایۆمەترییان نوێکردووەتەوە، زیاتر لە 284 هەزاریان لە هەرێمی کورستانن.
لە پارێزگای هەولێر 116 هەزار و 724 دەنگدەر کارتەکانیان نوێ کردووەتەوە، لە دهۆک 60 هەزار و 422 دەنگدەر و لە سلێمانیش 85 هەزار و 464 دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان نوێ کردووەتەوە.
بەپێی داتای کۆمسیۆن لە کەرکوک 85 هەزار و 629 دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان نوێ کردووەتەوە، زۆرترین نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتریش لە نەینەوایە کە 237 هەزار و 90 دەنگدەرە، کەمترینیش لە پارێزگای موسەنایە، کە 21 هەزار و 171 دەنگدەرە.

 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP