کۆشکی سپی: ترەمپ ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی رووسیا-ئۆکرانیا

جیهان
10:29 - 2025-06-03

کارۆلاین لیڤیت، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی رووسیا-ئۆکرانیا ئەگەر لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە بانگێشتبکرێت بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی سێقۆڵی.

سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی راشیگەیاند، ترەمپ پشتیوانیی کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان سەرۆکی رووسیا و ئۆکرانیا دەکات و پێیوایە بەوجۆرە دەتوانرێت کێشەکان زووتر چارەسەربکرێن.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە پاش دووەم کۆبوونەوەی نێوان وەفدی ئۆکرانیا و رووسیا لە وڵاتەکەی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، خوازیاری ئەوەیە کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان سەرۆکی رووسیا و ئۆکرانیا لەوڵاتەکەی بکرێت و سەرۆکی ئەمریکاش بانگێشت بکات تا کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا بهێندرێت.

لای خۆیەوە، ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، بەهۆی رەتکردنەوەی ئاگربەستی بێ مەرج لە کۆبوونەوەی نێوان وڵاتەکەی و رووسیا رایگەیاند، پێویستە ئەمریکا سزای توند بەسەر رووسیادا بسەپێنێت بۆئەوەی ئاگربەستی تەواوەتی قبوڵ بکات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP