بڵاوکردنەوەی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەلایەن وتەبێژی فەرمی دەم پارتی و لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە داوای دیدار و کۆبوونەوە دەکات لەگەڵ سەرۆک و سەرکردە سەرەکییەکانی هەر سێ لایەنی سەرەکی کوردستان (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، هێزەکانی سوریای دیموکرات)، داواکاریەکی سادەو سەرپێی نییە، بەڵکو لەئەنجامی بیرکردنەوەیەکی وردو راڤەکردن و بنکوڵکارییەکی بابەتیانەی قۆناغی دوای کۆنگرەی پەکەکە و چۆنیەتی هەنگاونانێکی کردەییە بەرەو جێبەجێکردنی بڕیاری پرۆسەی ئاشتی، بۆ ئەو ئامانج و هەنگاوەش پرس و ڕای بە تیمی دانووستانی دەم پارتی کراوە و رەزامەندی ئەوانیان وەرگرتووە، بۆیە لەرێی وتەبێژی فەرمیانەوە پەیامەکە بڵاوکرایەوە، بەڵام لەسەر دەستنیشانكردنی ئەو سێ لایەنە پرسیارێک دەکرێت و پرسیارەکەش پێویستی بەوەڵامێکی رۆشن و زوڵال هەیە، بۆچی بەڕێز ئۆجەلان داوای دیدارو کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەو سێ هێزە دەکات؟.
ـ لەبەرئەوەی ئەم سێ هێزە، سێ لایەنی سەرەکی کوردستانین و لە سێ پانتایی فراوانی جوگرافیای سیاسیدا خاوەن بڕیارو دەسەڵاتن و دەنگ و هەڵوێستیان كاریگەریی ئەرێنی گەورە لەسەر بەكردەییكردنی پرۆسەكە دەبینن .
ـ جێبەجێکردنی پرۆسەکە پێویستی بەیارمەتی و هەماهەنگی ئەوسێ لایەنە هەیە، هەروەک بەشێکی پرۆسەکە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە سنوری ژێر دەسەڵاتی ئەو سێ لایەنە جێبەجێ دەکرێت و بەشێوەی کردەیی پێویستی بە یارمەتی ئەو سێ لایەنە هەیە، چونکە بەشێکی جێبەجێکردنی پرۆسەکە پەیوەستە بەناوخۆیی تورکیاوە و بەشەکەی دیکەی لەدەرەوەی تورکیا جێبەجێ دەکرێت و پەیوەستە بە خۆئامادەکرنێکی فرە جەمسەرەوە تاوەکو بتوانن ئاڵنگارییەکانی بەردەم پرۆسەکە وەلابنێن، لەهەمانكاتدا جێبەجێکردنی پرۆسەکەش پێویستی بە یەکێتیەکی نیشتیمانی و هەماهەنگی و ئیرادەیەکی هاوبەش هەیە.
راستیەكەی هێشتا نازانرێت ئایا هەلومەرجی ناوخۆیی ئێستای تورکیا گونجاوە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکەی ئۆجەلان یان نا؟ هەروەک نازانرێت ئایا ئۆجەلان بۆ ئەم داواکارییە پرسی بە ئەنقەرە کردووە، یان نا؟ .
ئەگەر پرسی پێکرابێت، ئایا ئۆجەلان رەزامەندی حکومەتەکەی ئاکپارتی و سەرۆکی ئەو وڵاتەی وەرگرتووە یان نا؟. کاتێ وەڵامی ئەم پرسیارانەمان دەست بکەوێت ئەوکاتە پێشبینییەکانی ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی دیدارەکەو شوێن و شێوازی دیدارەکەو بەشداربوونی سەرۆکی ئەو سێ لایەنەیە کوردستانییە باشتر یەکلادەبنەوە. بۆیە دەبێ چاوەڕوانی هەڵوێست و کاردانەوە فەرمییەکانی تورکیا بکەین .
ـ سەبارەت بە هەڵوێستی ئەو سێ لایەنە کوردستانییەش، پێدەچێ ئەگەر تورکیا پێشوازی لەو داواکارییە بکات، ئەوا زەمینەیەکی باشتر بۆ دیدارەکە برەخسێت. بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و خودی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی هەمیشە نەک هەر پشتگیریی لەهەر هەوڵێک کردووە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری و چارەسەرکردنی دۆزی کورد لەرێی دانوستانەوە، بەڵکو هەمیشە بەشێکی سەرەکی بووە لەو بەرەیە و بەردەوامیش دەبێت لەسەر هەمان سیاسەتی نەگۆڕی خۆی .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP