کورتە پەیڤێک لەسەر دیدارەکەی سلێمانی زانكۆی ئەمەریكی

لەتیف نێروەیی
17:54 - 2025-04-18





دیداری سلێمانی، كە وەك نەریتێك ساڵانە لە زانكۆی ئەمەریكی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت و بەدیاریكراویش خولی ئەمساڵ، كە لەماوەی دوو رۆژدا بوو بە بزاوتێکی فراوانی سیاسی و دیپلوماسیی و جارێكی تر پایتەختی رۆشنبیریی كردەوە بە چەتری کۆکردنەوەی بۆچوونە جیاوازە کوردستانی، عیراقی، ئیقلیمی و نیودەوڵەتییەكان، دیاردەیەكی دڵخۆشە بۆ هەموو لایەك. 

ئەمجۆرە چالاكی و دیدارانە گرنگ و پڕ بایەخن، بەڵام هەرگیز بەبێ خەوش و كەموكوڕی نابن، بۆیە لە خولی ئەمساڵی دیدارەكە، ئەگەر پێشتر کارنامەی بەر دیدەم بکەوتایە و دەنگم بەئەندامانی لیژنەی ئامادەکار گەیشتبا، ئەوا بێ دوودڵی وەک چاودێرێک دوو پێشنیارم دەخستە بەردەمیان: .

یەکەم : سەبارەت بە رەچاوکردنی واقیعی ئێستای سیاسی و ئیداریی هەرێمی کوردستان و هاوسەنگی و باڵانسی هێز، پێشنیارم دەکرد لەسەر بنەمای ئەو واقیعە رەچاوی هاوسەنگی بكەن و دەرفەتێک بڕەخسێنن تاوەکو بەرپرسێکی حكومی یان سیاسی ئەم زۆن و ئیدارە خانەخوێیەش پەیامی هەبێت و دید و دیدگای خۆیان بگەیەنن بە ئامادەبوان و رای گشتی کوردستانی و عیراقی و جیهانیی، چونکە جۆرەها پرسیاری راست و ناڕاست و دروستکراو لەسەر مژارە سیاسی و ئەمنی و ئیداری و بوارە جۆرا و جۆرەکانی دیکە لەسلێمانی دەکرێن، بەتایبەتی لەحزبی دەسەڵاتداری دەڤەرەکە، راستیەكەشی هەندێك لەوانە پرسیاری گرنگ و هەستیارن و چاوەڕوان دەکرا لەدیدارەکەدا وەڵام بدرێنەوە، وەلێ دیدارەکە کۆتایی هات و پرسیارەکانیش بێ وەڵام ماونەتەوە .

دووەم: پێشنیارم دەکرد پارێزگاری کەرکوک لە دیداری سلێمانی دەرفەتێکی بۆ بڕەخسێت، کە لەسەر دۆخی کەرکوک پەیامی خۆی بگەیەنێت و ئەویش وەڵامی پرسیارە هەمەجۆرەکانی ناوخۆی کەرکوک و هەولێر و بەغداو دەوروبەر بداتەوە، چونکە کەرکوک بۆ هەموو پێکهاتەکانی عیراق و وڵاتانی ئیقلیمی زۆر گرنگە و چاوی جیهانیشی لەسەرە و یەکێکە لەپرسە گرنگەکان.

ئەم دوو پێشنیار و داخوازییە شتێك نیە تەنها بۆ راگرتنی هاوسەنگی بێت، بەڵكو بۆ ئەوە گرنگە كە دەرەنجامی دیدارێكی لەمجۆرە، ئەگەر كۆبەندی بیركردنەوە و هەڵوێست و دیدگای هەموو لایەنەكان وپرسە هەنۆکەییەکانی هەموو دەڤەرو پنتە گرنگەکانی ناوچەکە لەخۆی نەگرێت و  فیگەر و كارەكتەرە سەرەكیە سیاسی و كارگێڕییەكانی زۆنی خانەخوێی تێدا نەبێت بەتایبەت هێزێكی وەك یەكێتی كە خۆی ژینگەی دیدار و چالاكیەكانی سلێمانی سازاندووە، بەدڵنیاییەوە کەسانێک هەن   بەو دیدە سەیری دیدارەکەدەکەن کە راستە گرنگ و مفاداربوو بەڵام کەموکوریێکی پێوەدیاربوو.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP