دیداری یەکێتی .. وێستگەیەکی نوێی پێشخستنی سیاسی لە کوردستان

سەلام شەهید فەتاح
19:57 - 2025-03-02

دیداری یەکێتی
وێستگەیەکی نوێی پێشخستنی سیاسی لە کوردستان

لە پێشکەوتنە خێراکانی ئەمڕۆی جیهاندا هەموو کایەکانی ژیان زۆر بەخێرای تێپەڕ دەبن و گۆڕانکاریان بەسەردا دێت، سیاسەت و پارتە سیاسیەکانیش بەدەر نین لەم گۆڕانکاریە خێرایانەو خۆ گونجان لەگەڵ پێداویستیەکانی قۆناغ.

حیزب؛ وەک ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی سیاسی و کارگێڕی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە دروستکردنی پردی پەیوەندی نێوان دەسەڵات و هاوڵاتیان و ئەوانەی خوازیارن بەشداری  سیاسیان هەبێت و بەشدار بن لە ناوەندی بڕیار و هەستکردنی تاک بە کاریگەریەکانی خۆی لەسیاسەتی گشتیدا. 

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو ئەبدەیتە سیاسیە خێرایەی کە هەیە، لە ڕێگەی(دیدار) ەوە کە  مۆدێلێکی نوێی ناوخۆیی سیاسی یەکێتیە دەیەوێ لەکەڵ ڕووداوە خێراکاندا خۆی بگونجێنێ و خۆی نوێ بکاتەوە و بەشداری سیاسیی دروست بکات لە وەرگرتنی پێشنیار و ڕای کادران و جەماوەرەکەی بکاتە بنەماو نەخشە ڕێگا بۆ  بەشداری دروست کردنی بڕیار.

ئەگەر چی (کۆنگرە، پلنیۆم، کۆنفراس ) بەشداری سیاسی دیموکراسیانەی نوێنەرایەتی بێت  ئەوا دیدار بەشداریەکی سیاسی دیموکراسیانەی ڕاستەوخۆیە کە ئۆرگان و سەرکردایەتی و کادران بەشداری ڕاستەوخۆی تێدەکات .

 دیداری یەکێتی چەندە گرنگە بۆ ئەبدەیت کردنەوەی ژیانی سیاسی حیزبایەتی خۆی ئەوەندەش گرنگە بۆ کۆمەڵگای سیاسی هەرێمی کوردستان و تاک و ڕێڕەوی ژیانی هاوڵاتیان چونکە لە دیداردا  (تاک و بەرژەوەندی گشتی ) سەنتەرە کە چەندایەتی و چۆنایەتی ژیانێکی باشتر و هاوچەرخ ئامانجێتێ .

لە ئامانجە سەرەکیەکانی دیدار  رێکخستنەوەو چالاکترکردنی ئۆرگانەکانە بەپێی واقعی نوێ و دروستکرسنی یەک تیمیە لەهەموو ئۆرگانەکانی یەکێتی لە حزب و حکومەت و پەرلەمان لە عیراق و کوردستان. گەڕانەوەی (متمانەی سیاسی)ە بە پێکهاتەی سیستمی سیاسی لە دامەزراوە فەرمیەکانی دەسەڵاتی ( یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری ) و دەسەڵاتە نافەرمیەکانی ( پارتە سیاسیەکان و ڕێکخراوەکانی مەدەنی و گروپی فشار و میدیا ) کە خزمەت بە خەڵک بکات و یەکێتی سەرمەشق بێ لەو خزمەتانەدا. چونکە کارو ئەدای ئەم دامەزراوانە بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەریان دەبێت لە سەر  متمانەی سیاسی.

دیدار دیراسە و لێکۆڵینەوەیەکی سیاسی  قۆناغ بە قۆناغە لە ئاریشەکان و کێشە سەرەکیەکان کە پەیوەندی بە باشتر کردنی ژیانی سیاسی و ئابوری تاکە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دۆزینەوەی کلیلی چارەسەرە بۆ ئەو ئاریشانە و گەڕانەوەی متمانەیە بە پەرەپێدانی بە خزمەت و ناسنامەی نەتەوەی و ئەو فرەیەی لە پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردیدا هەیە، جگە لەوەش بەدوای ئەو چارەسەر گونجاوەنەدا دەگەڕێت کە دەبێتە بنەما لە بونیادنانی سیستەمێکی سیاسی هاوچەرخ  کە شەفافیەت و لێپرسینەوە و پێشخستنی کۆمەڵایەتی لە پێشینەی کارەکانی بێت .

پڕۆسەی ئەنجامدانی دیداری یەکێتی تەنها مومارەسەو ئەرکێکی دیموکراسی و مەدەنی نیە بەتەنیا، بەڵکو میکانیزمێکی گونجاوی ژیانی حزبیە کە لەپەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیدا هاتووە بۆ متمانەو دڵنیابوونی کادرو هەڤاڵان  لە بەشداری کردن لە دروست کردنی بڕیار و هەماهەنگی کردن و دانانی بناغەیەکی نوێ و گشتی بۆ  حکومڕانیەکی پێشکەوتوو پتەو کە ڕێگا بۆ ئایندەیەکی گەش و دواڕۆژێکی باش خۆش دەکات بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان. لە رێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە.


سەلام شەهید فەتاح

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP