هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەو تۆمەتانەی حکومەتی
دیمەشق رەتدەکاتەوە کە گوایە دوو هێرشکارە خۆکوژەکەی سەر کەنیسەیەکی دیمەشق لە کەمپی هۆلەوە هاتوون.
ناوەندی راگەیاندنی
هەسەدە رایگەیاند، دوای ئەوەی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سوریا ئاماژەی بەوەدا
"لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ئەنجامدەرى تەقینەوەکە، کەسێکی سوورییەو لە کەمپی
هۆلەوە دزەی کردووە." دەزگا پەیوەندیدارەکانیان
دەستیان بە وردبینی و لێکۆڵینەوە کردووە لە تۆماری دانیشتووانی کەمپی هۆل و ئەو کەسانەی
لە ماوەی رابردوودا کەمپەکەیان جێهێشتووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە،
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە "هیچ کەسێک کەمپەکەی جێنەهێشتووە، جگە لەو کەسانەی
کە لەسەر داوای حکومەتی دیمەشق گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانیان و هەمووشیان سووریایین،
هەروەها ئەو عێراقییانەی کە بەپێی لیستێک لەلایەن عێراقەوە پێشکەشکرابوو، رەوانەی
وڵاتەکەیان کراونەتەوە."
هەسەدە جگە لە سەرەخۆشی لە قوربانییانی هێرشەکەی
سەر کەنیسەکەی دیمەشق ، هاوکات داوا دیمەشق
دەکات "لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و ورد بکات و ئەنجامەکانی لەگەڵ بەڵگەکاندا بۆ
رای گشتی ئاشکرا بکات"، چونکە ئەوە "تاکە رێگەیە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی
هێرشی تیرۆریستی."
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP