زیاتر له‌ 45 ملیار دینار بۆ سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیان و راپه‌ڕین ته‌رخانده‌كرێت

کوردستان
16:44 - 2025-04-30

 

 

 

 

 

دارایی هەرێم بڕی زیاتر لە 45 ملیار دینار بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین خەرج دەکات، بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتە و جێبەجێکردنی پرۆژەکان.

وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كردووه‌: "بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری سەرپەرشتی چەند کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری و یەکێتی بەڵێندەران و بانکەکانی سەر بەوەزارەت، دوای ئەو کۆبوونەوانە و ئاگاداربوون لە کێشە و گرفتەکان وەزیری دارایی و ئابووری چەند بڕیارێکی لەبەرژەوەندی بەڵێندەران و ئەو کۆمپانیایانە دەرکرد کە سەرقاڵی ئەنجامدانی پڕۆژەکانن لەو سنورانە".

"وەزیری دارایی بڕیاری دا بە خەرجکردنی زیاتر لە 45 ملیار دینار بۆ دەرمان و پێداویستی تەندروستی سلێمانی و نەخۆشخانەی هیوا و شەقامی 100 مەتری سلێمانی و ڕێگای دووسایدی کەلار - دەربەندیخان و شایستەی کۆمپانیاکانی خۆڵ و خاشاک و پڕۆژە بەردەوامەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین"، راگەیەندراوەکەی دارایی وادەڵێت.

خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

چوار ملیار و پێنجسەد ملیۆن دینار بۆ خەرجی دەرمان بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی.
چوار ملیار دینار بۆ خەرجی دەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا.
سێ ملیار و پێنجسەد ملیۆن دینار ، بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی سلێمانی و دەوروبەری.
سێ ملیار دینار بۆ سەرجەم پرۆژەکانی ئیدارەی گەرمیان.
دوو ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین.
دوو ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە.
پێنج ملیار دینار بۆ پڕۆژەی ڕێگای دوو سایدی کەلار - دەربەندیخان.
بیست ملیار دینار وەک شایستەی دارایی پڕۆژەی شەقامی ( 100 ) مەتری سلێمانی ( شاڕێی بابان ).
یەک ملیار و پێنجسەد ملیۆن دینار پارەی خۆڵ و خاشاک.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP