دادگای نێودەوڵەتی لاهای، زنجیرەیەک دانیشتن
سەبارەت بە دۆخی فەڵەستین و گەمارۆکانی ئیسرائیل بۆ راگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان
بۆ کەرتی غەززە، رێکدەخات.
دوای زیاتر لە 50 رۆژ سەپاندنی گەمارۆ لەسەر
گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆناو کەرتی غەززە، ئەمڕۆ دادگای نێودەوڵەتی لاهای
زنجیرەیەک دانیشتن سەبارەت بە پابەندنەبوونی ئیسرائیل بەرامبەر فەڵەستین رێکدەخات.
لە دانیشتنەکاندا نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان
لە دادگای نێودەوڵەتیی داد کە بەرزترین دادگای نەتەوە یەکگرتووەکانە، لەبەردەم
لیژنەیەکی 15 دادوەریدا، گفتوگۆ دەکەن.
لە مانگی کانونی دووەمدا، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە
یەکگرتوەکان بە زۆرینەی دەنگ بڕیارێکی پەسەند کرد کە لەلایەن نەرویجەوە
پێشکەشکرابوو و داوای لە دادگای نێودەوڵەتیی کرد رێگە لە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل
لە کەرتی غەززە بگرێت.
لەم هەفتەیەدا 38 وڵاتی دیکەش راپۆرتەکانیان
پێشکەش دەکەن، لەوانە ئەمریکا، چین، فەرەنسا، ڕووسیا و سعودیە، هەروەها کۆمکاری
عەرەبی، ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی و یەکێتی ئەفریقا.
ئەمە لەکاتێکدایە ئیسرائیل ڕەوتی یارمەتییە
نێودەوڵەتییەکانی کۆنترۆڵ کردووە و رێگە بەچوونە ناوەوەی هاوکاری بۆ دوو ملیۆن و
400 هەزار فەڵەستینی لە کەرتی غەززە نادات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP