دەزگای شەهیدانی عیراق: لە 2008ەوە رووفاتی 1700 کەس لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەرهێنراون

عێراق
15:51 - 2025-05-20


دەزگای شەهیدانی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی 2008ـەوە تا ئێستا رووفاتی هەزار و 700 کەس کە سەرجەمیان کوردن لە گۆرە بەکۆمەڵەکان دەرهێنراون.
عەبدولئیلا ئەلنەیلی، سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە ساڵی 2008ـەوە تا ئێستا 30 گۆڕی بەکۆمەلیان هەڵداوەتەوە و سەرجەمیان کورد بوون، دەشڵێت روفاتی ئەو کەسانەش دەرهێنراونەتەوە گەیشتە هەزار و 700 کەس.
ئەوەشی خستەڕوو، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان رووبەڕووی کێشەی گەورە دەبێتەوە لە دیاریکردنی ناسنامەی روفاتەکان، بەوپێیەی زۆرێک لە خانەوادەی شەهیدەکان یان کۆچی دواییان کردووە یان وڵاتیان جێهێشتوە، کەسانێکیش هەن شوێنی نیشتەجێبوونیان دەستنیشان نەکراوە.
سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق ئاشکراشیکرد، پلانیان هەیە چەند بەڕێوەبەرایەتییەک بکەنەوە، یەکێکیان تایبەتە بە کاروباری کورد بۆئەوەی لەرێگەی ئەوانەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم بکات، هاوکات لە پرۆسەی دامەزراندنی تۆمارێکی نیشتمانیدان بۆ کەسانی ونبوو، بەشێوەیەک ناونیشان و ناوی ئەو قوربانییانەی نەتەوە جیاوازەکانی عێراق لەخۆدەگرێت کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دۆزراونەتەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP